ئامادەكردنی : ئەڵوەند كوێستانی
زۆرن ئەوانەی وەك ئەستێرە لەمێژووی ئیسلامی ناویان هەربەبەرزی ماوەتەوەو تاكو دونیاش كۆتایی پێدێت رووناكی ناوی ئەوان ناكوژێتەوە.
پێشەوا (شافیعی) یەكێكە لەوانەی بۆ ئایینی ئیسلام ژیاو بۆ ئەو ئاینەش كۆچی كردو بۆ ئەو ئاینەش كۆچی ماڵئاوایی كرد.
پێشەوا (شافیعی) ناوی تەواوی خۆی (موحەمەدی كوڕی ئیدریسی شافیعیە) و نازناوی (ئەبو عەبدولڵا) شی بەسەردا بڕاوەو یەكێكە لەپێشەوایانی (ئەهلی سوونەو جەماعە) بەدرێژایی مێژوو، خاوەنی مەزهەبی (شافیعی) یەو ڕێچكەیەكی تایبەتی لەبواری فیقهی ئیسلامی گرتووە، لەساڵی (150) ی كۆچی كەهاوكاتە بەبەرواری (766) ی میلادی لەدایك بووەو بەنوێگەری ئایینی ئیسلام لەسەدەی دووەمی كۆچی ناوی دەركردووەو ئاماژە بەفەرموودەیەكی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) یش كراوە گوایە مەبەستەكەی پێشەوا (شافیعی) یە كەدەفەرموێت، (لا تسبوا قریشاً فإن عالـمها یملا الارض علماً) واتە : قسە بەقورەیشییەكان مەڵێن، چونكە زانایانی زەوی رووناك دەكەنەوە.
زانا (ئەبو نوعەیمی كوڕی عەبدولـمەلیكی كوڕی موحەمەدی ئیسفرایینی) دەڵێت: ئەو وەسفە تەنها لەسەر پێشەوا (شافیعی) جێبەجێ دەبێت.
پێشەوا (شافیعی) ناوی تەواوی (موحەمەدی كوڕی ئیدریسی كوڕی عەباسی كوڕی عوسمانی كوڕی شافیعی كوڕی سائیبی كوڕی عەبدولڵای كوڕی عەبدی یەزیدی كوڕی موتەڵیبی كوڕی عەبدی مەنافی كوڕی قوسەی كوڕی كیلابی كوڕی مورەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەی كوڕی غالیبی كوڕی فەهری كوڕی مالیكی كوڕی نەزری كوڕی كینانەی كوڕی خوزەیمەی كوڕی مودریكەی كوڕی ئیلیاسی كوڕی موزیری كوڕی نزاری كوڕی موعیدی كوڕی عەدنانی كوڕی قرشی مەتڵەبی شافیعی حیجازی مەكی) یە، لەگەڵ پێغەمبەری سەردار (صلی الله علیه وسلم) لە(عەبدی مەناف) یەك دەگرنەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەو ساڵەی پێشەوا (ئەبو حەنیفەی نەعمان) كۆچی دوایی دەكات، لەهەمان ساڵ پێشەوا (شافیعی) لەدایك دەبێت، لەهەندێك سەرچاوە دەڵێت، لەهەمان ئەو شەوە (شافیعی) لەدایك بووە كە ئیمام (ئەبو حەنیفە) كۆچی دوایی كردووە، لەهەندێك تۆماری مێژوویی دەڵێن، (شافیعی) لەشاری (غەززە) ی فەڵەستین لەدایك بووە هەندێك سەرچاوەش دەڵێن لەشاری (عەسقلان) بووە، بچووك بووە باوكی كۆچی دوایی كردووە، دایكی لەگەڵ خۆیدا بردوویەتییە شاری (مەككە) لەتەمەنی حەوت ساڵیدا هەموو قورئانی پیرۆزی ئەزبەر كردووەو لەتەمەنی دە ساڵیدا كتێبی (مەوتەئـ) ی لەبەر كردووە، ئەو كتێبە چوار بەرگی گەورەیە.
دەگێڕنەوە دایكی شافیعی پارەی نەبووە بیداتە مامۆستاكەی بۆ ئەوەی بخوێنێت، بۆیە بەگوێ گرتن لەمامۆستاكەی (شافیعی) وانەكان ئەزبەر دەكات و دوای رۆشتنی مامۆستاكەی بۆ پشوو، (شافیعی) وانەی دووەمی وتۆتەوە.
(شافیعی) لەناو هۆزی (هەزیل) پەروەردە بووە كەشارەزاو زمان پاراوی زمانی عەرەبی بوون و خۆشی كەسێكی زاناو لێهاتوو بووە بەتایبەتی لەبواری زمان و ئەدەبی عەرەبی.
لەتەمەنی بیست ساڵیدا (شافیعی) ڕێگەی پێدرا فەتوا بدات، خۆیشی دەڵێت، بیست ساڵ لەناو نەتەوەی عەرەب ژیانم بەسەربردووەو هیچ ووشەیەكیش فێرنەبووم كەماناكەی نەزانم و ووشەو ماناكەشی نەزانم.
لەو كاتەی ئیمامی شافیعی لەژیاندا بووە، ناوی پێشەوا (ئەنەسی كوڕی مالیك) ی بیستووە، بۆیە پێشەوا سەردانی شاری (مەددینە) دەكات و دوای دیداری (مالیكی كوڕی ئەنەس) بەماوەی چەند ڕۆژێكی لەسەر یەك كتێبی (مۆتەئـ) ی بۆ لەئەزبەر دەخوێنێتەوە، بۆیە ئیمامی مالیك زۆر پێی سەرسام دەبێت و لای خۆی دەیهێڵێتەوە تاكو كۆچی دوایی دەكات.
دوای ئەوەی ئیمامی مالیك كۆچی دوایی دەكات، ئیمامی شافیعی دەگەڕێتەوە شاری مەككەو لەو كاتەوەش والی ووڵاتی یەمەن لەوێدا دەیبینێت و داوای لێدەكات لەگەڵیدا بچێتە شاری نەجران، بۆیە پێشەوا (شافیعی) لەگەڵیدا دەچێت و دەبێتە والی شاری نەجران و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە حوكمی ناوچەكە دەكات، بەڵام كەسانێك كێشەی بۆ دروست دەكەن و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت و بەدیلی ڕەوانەی شاری بەغدا دەكرێت و لەو كاتەوەش لەشاری (بەغدا) خەلیفە (هاڕونە رەشید) حوكم دەكات و لەوێدا بەهۆی زمان پاراوییەكەی خەلیفە زۆر پێی سەر سوڕماو دەبێت و لای خۆیەوە دەیهێڵێتەوە.
پێشەوا (شافیعی) لەشاری بەغدا دەمێنێتەوەو چاوی دەكەوێت بە (موحەمەدی كوڕی حەسەنی شەیبانی) و پێشەوا دەفەرموێت بەقەد دەریاچەیەك زانستم لێوەرگرتوەو ماوەی دوو ساڵ لەخزمەتی ئەودا دەمێنێتەوەو پاشان دەگەڕێتەوە شاری مەككە.
سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن، لەساڵی (195) ی كۆچی جارێكی تر پێشەوا (شافیعی) گەڕاوەتەوە شاری بەغداو چاوی كەوتووە بەهەریەكە لەزانایانی (ئەحمەدی كوڕی حەنبەل و ئەبو سەورو حوسێنی كوڕی عەلی كەرابیسی و حارسی كوڕی شورەیحی بەقال و ئەبو عەبدولرەحمانی شافیعی و زەعفەرانی) و چەندین ترو ماوەی دوو ساڵ دەمێنێتەوەو پاشان دەگەڕێتەوە شاری بەغدا، هەروەها بۆ جاری سێیەمیش لەساڵی (198) ی كۆچی جارێكی تر سەردانی شاری بەغدا دەكاتەوەو چەند مانێگ لەوێدا دەمێنێتەوە.
پێشەوا (شافیعی) لەساڵی (199) ی كۆچی سەردانی ووڵاتی میسر دەكات و لەوێدا دەمێنێتەوەو لەشاری (فۆستات) نیشتەجێ دەبێت و سەرقاڵی خوێندن و زانست و زانیاری دەبێت و بەزۆرێك لەزانستەكەیدا دەچێتەوەو هەرلەبەر ئەوەش كتێبێكی تری بواری تێگەیشتن لەدەقەكان دادەنێتەوە كەبە كتێبی نوێ وەسف دەكرێت.
(رەبیعی كوڕی سلێمان) دەگێڕێتەوە، لەدوای نوێژی بەیانی كۆڕی زیكری پێشەوا (شافیعی) دەستی پێدەكردو ئەوانەی هۆگری فێربوونی زانست و زانیاری بوون لەدەوری ئەو گەورە زانایی كۆدەبوونەوەو پرسیارەكانیان ئاڕاستەی دەكردو پاشان ئەو كۆڕو زیكرانە بەردەوام دەبوون تاكو خۆرهەڵات و دواتریش گەورە شارەزاو زانایانی بواری زمان و ئەدەب و شیعر دەهاتنە خزمەتی پێشەواو زانستیان لێوەردەگرت.
داندراوەكانی پێشەوا (شافیعی) زۆرن لەمانە (ریسالە، ئیختیلافی حەدیس، موسنەدی شافیعی، ئەحكامی قورئان، ناسیخ و مەنسوخ، كیتابی قەسامە، كیتابی جزیە، قیتال ئەهلی بەغی، سەبیلی نەجات).
لەوكاتەوەی پێشەوا (شافیعی) لەووڵاتی میسر بووە جۆرە نەخۆشییەك بڵاوبۆتەوەو بۆتە مایەی تێكەڵ بوون بەناو خوێنی و دواتریش دەبووە هۆی بەربوونی خوێنی، بۆیە گومان دەبرێت ئەو جۆرە نەخۆشییە تووشی پێشەوا شافیعی بووبێت و ماوەی چوار ساڵ بەو نەخۆشییەوە ناڵاندوویەتی.
سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن، پێشەوا (شافیعی) لەكاتی نوێژی عیشا لەبەرورای (30 ی رەجەبی ساڵی 208) ی كۆچی لەشاری قاهیرە كۆچی دوایی كردووەو بۆ رۆژی دواتر هەینی لەمەراسیمێكی شكۆداردا ئەسپەردەی خاك كراوەو لەسەردەمی حوكمڕانی (سەڵاحەددینی ئەیوبی) فەرمانی كردووە تابوتێكی دارین بۆ گۆڕەكەی دروست كراوە.